هه‌موو ساڵێک له‌م ده‌مه‌وه که‌م تازۆرێک ده‌ست ده‌کرێته‌وه به قسه‌کردن و نوسین و به‌رنامه ئاماده‌کردن له‌سه‌ر کاره‌ساته‌کانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال.
له ساڵیاده‌کاندا گه‌لێک له به‌رپرسان ده‌بینرێن ڕیز ده‌به‌ستن بۆ به‌شداریکردن له یادکردنه‌وه‌کاندا و وێنه‌یه‌کی زۆریان ڕووبه‌ری ڕۆژنامه وگۆڤاره‌کان ده‌گرن و دیمه‌نه‌کانیش هێنده زۆر ده‌بن که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌فزیۆن فریای په‌خشکردنی هه‌موویان ناکه‌ون.
سیاسیه‌کانمان له‌و ساڵیادانه‌دا هه‌ر وتاره و ده‌یده‌ن، هه‌ر ڕسته‌یه و ڕیزی ده‌که‌ن ، هه‌ر دروشمه ڕه‌نگێکی به‌به‌ردا ده‌کرێت، ئیدی به کورتی و به کوردی گرنگ ئه‌وه‌یه به‌شدار بیت له بۆنه‌که‌دا و ئه‌وه‌یش که چی ده‌ڵێیت یان نایڵێیت مه‌سه‌له‌یه‌ک نییه.
ئه‌وه‌ی پار یان پێرار یان زیاتر له ده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر گوتراوه، جارێکی تریش ده‌گوترێته‌وه به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ش بڵێین هه‌ندێک جار خوا هه‌ڵناگرێت ڕسته‌کان و په‌ره‌گرافه‌کان پاش و پێش ده‌خه‌ن و که‌مجاریش هه‌ندێک ده‌سته‌واژه‌ی نوێ به‌کارده‌هێنرێت.
پاش ته‌واوبوونی مه‌ڕاسیمه‌کانیش هه‌ر یه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵی خۆی و ئیدی بۆ به‌رنامه‌ی کاری یه‌ک دوو ڕۆژی داهاتوو ئه‌وه‌ی له بیردا نه‌مێنێت هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفاله، ئه‌گه‌ر خوانه‌کرده به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان شتێک به بیردا هات ئه‌وا هه‌ڵده‌گیرێت بۆ وتاره‌که‌ی ساڵی ئاینده به‌بێ ڕه‌چاوکردنی ئه‌وه‌ی له ساڵی پێشتردا چی گوتراوه.
هه‌موو ساڵێکیش ده‌ربازبووان و که‌س و کاری قوربانیانی ئه‌و کاره‌ساتانه جه‌خت ده‌که‌نه‌وه له‌وه‌ی هێشتاش زۆربه‌ی ئه‌و په‌یمانانه‌ی دراون جێبه‌جێنه‌کراون و وه‌ک ده‌ره‌نجامێکی سروشتیش ده‌بینیت داواکانی ئه‌مساڵ له هی ساڵانی پێشوو زیاد تریشن و جودا تریشن.
ئایا هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و کاره‌ساته‌کانی تریش ته‌نها بۆ یادکردنه‌وه‌ن، یان پێویسته بکرێنه پڕۆژه‌یه‌کی نیشتیمانی و نه‌ته‌وایه‌تی له پێناو ئاینده‌یه‌کی باشتردا؟ ئه‌مه ئه‌گه‌ر مانایه‌ک یان به‌هایه‌ک بۆ ئاینده‌ی باشتر مابێته‌وه!؟
هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و کاره‌ساته‌کانی تریش، ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی شۆفینیزمی عه‌ره‌بی بوون که له‌و کاته‌دا له پارتی به‌عسی سه‌دام حوسێن‌دا خۆی ده‌نواند.
ئه‌و ڕه‌فتاره ژینۆسایدیانه‌ی به‌غدا هه‌ر ته‌نها به‌مه‌به‌ستی کوشتن و قڕکردن و ده‌ستگیرکردن و ئه‌شکه‌نجه‌دان و بێده‌نگ کردن نه‌بوون، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی پرۆسه بوون بۆ تێکشکاندنی سایکۆلۆژیه‌تی مرۆڤی کورد و لێسه‌نده‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی.
بۆیه لێره‌وه پێویست به پڕۆژه‌کانی دروستکردنه‌وه و بونیاتنانه‌وه و هه‌ڵسانه‌وه هه‌یه نه‌ک وتاری باق وبریقه‌دار، نه‌ک وتارێک که وشه‌کانی توانای بڕکردنی ته‌نها چه‌ند کاژمێرێکیان نییه، نه‌ک دروشمێک که که‌سێک بۆی نابێت به ته‌ته‌ر.
کورد له عێراقدا زیاتر له 20 ساڵه خۆی فه‌رمانڕه‌وای خۆی ده‌کات، زیاتر له 20 ساڵه پرۆسه‌ی به حیزبی کردنی هه‌موو شتێک کار ده‌کات، به شێوه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر بۆشیان بلوێت ئه‌وا وه‌ک چۆن شکۆمه‌ندیه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له کارنامه‌ی به ئه‌فسانه کردن و پیرۆز کردنی تاکه‌کاندا ده‌توێننه‌وه ئاوه‌هاش بۆنه تراژیدیه‌کانیش ده‌خه‌نه ئه‌و خانه‌یه‌وه و خۆیان به فریادڕه‌س ده‌زانن وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌نگیان له داردا دۆزیبێته‌وه.
ئه‌وه‌ی تا ئێستا لایه‌نه سیاسیه‌کانی باشوری کوردستان نه‌یانکردووه، به‌رنامه ڕێژیه‌که بۆ هه‌ڵساندنه‌وه و ساڕێژکردنی زامه سایکۆلۆژیه‌کانی تاکی کورد.
ئا له‌م سۆنگه‌یه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێکیش نرابێت ئه‌وه‌نده شه‌رمنانه و بچوک بووه ناچێته هیچ خانه‌یه‌که‌وه که بتوانرێت وه‌ک زه‌مینه‌یه‌ک بۆ هه‌نگاوی گه‌وره‌تر لێی بڕوانرێت.
بۆ خه‌ڵکی ساده‌ی وه‌ک ئێمه، هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و کاره‌ساته‌کانی تریش له هزری هه‌مواندایه، به‌رده‌وام ڕامان ده‌چڵه‌کێنن، ئازارمان ده‌ده‌ن، ده‌مانگریێنن، هه‌ناسه‌مان سوارده‌که‌ن، تا ئه‌ندازه‌یه‌کیش بیرکردنه‌وه‌کان له‌و ڕابردووه تراژیدیه ئه‌وه‌نده قوڵه ئێستا و ئاینده‌شمان له‌بیر ده‌باته‌وه.
ئێمه تا ئێستاش وه‌ک مێژوو سه‌ودا له‌گه‌ڵ ئه‌م کاره‌ساتانه‌ماندا ده‌که‌ین و نه‌شتوانراوه بکرێنه بابه‌تی ئه‌و مێژوویه‌ک تا نه‌وه‌ی نوێی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ی پێ ئاشنا بکرێن.
بۆ ساڕیژکردنی برینه‌کانی ئه‌و کاره‌ساتانه ، کۆنتراکتی نه‌وت، ڕاکێشانی بۆری و لوله نه‌وتیه‌کان، بازرگانیی یاسایی و نا یاسایی، به‌رزکردنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌کان، بازاڕی کراوه و بازرگانی ئازاد ، سه‌رنج ڕاکێشانی کۆمپانیاکانی جیهان، به حیزبی کردنی کاره‌ساته‌کان و بۆنه‌کان، کڕینی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی، ململانێ ڕه‌ش و سپیه‌کانی ناو و ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان، به‌شداربوونی کاربه‌ده‌ستان له مه‌ڕاسیمه‌کاندا..هتد، هه‌رگیز نابنه چاره‌سه‌ر بۆ ساڕێژکردن، ئه‌گه‌ر گۆڕانێک له بیرکردنه‌وه‌ی ڕێبه‌رانی باشوری کوردستاندا نه‌یه‌ته ئاراوه.
هه‌نگاوی یه‌که‌می ئه‌و جۆره گۆڕانکارییه‌ش له هزری ڕێبه‌رانی سیاسی باشوری کوردستان خۆیه‌وه ده‌ستپێده‌کات. له ڕووی به‌ڕێوه‌بردنی دۆسێکانی ئه‌و کاره‌ساتانه‌وه و دادگایی کردنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌شدارییان هه‌بووه له‌و تراژیدیا نه‌ته‌وه‌ییانه‌دا که هه‌تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت زۆرێک له‌وانه‌ی ناویان له لیستی دادگای باڵای تاوانه‌کاندا وه‌ک گومانبار هاتووه لای لایه‌نه سه‌ره‌کیه‌کانی باشوری کوردستان داڵده‌دراون.
پێم وانیه تاوانی ئه‌م جۆره داڵده‌دانانه له تاوانه‌کانی ئه‌نفال و کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه که‌متر بن.
داڵده‌دانی ئه‌و گومانبارانه زامه‌کانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه به کراوه‌یی ده‌هێڵنه‌وه و به‌رده‌وامیش ئه‌و پرسیاره لای ده‌ربازبووانی کاره‌ساته‌کان به کراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه ” ئه‌رێ جیاوازی له نێوان ئێمه‌ی قوربانی و ئه‌وانی تاوانباردا چییه؟”
پێکهێنانی دادگایه‌ک له هه‌ولێری پایته‌خت نه‌ک له به‌غدا ده‌شێت ببێته وه‌ڵامێکی به‌رایی و هه‌نگاوێکی سه‌ره‌تایی بۆ گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری پێشێلکراوی مرۆڤی کورد. پێکهێنانی ئه‌و دادگایه و ده‌ستپێکردنی پرۆسه‌ی دادگاییه‌کی ڕه‌وا و ئازادانه به‌بێ هیچ گومانێک کرانه‌وه‌ی له ئه‌قڵیه‌تی حیزب‌دا پێویسته به‌شێوه‌یه‌ک که به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بخاته سه‌رو به‌رژه‌وه‌ندی حیزباییه‌تیه‌وه.
پێویسته ڕاڤه‌کردنی بابه‌تیانه‌ی کاره‌ساته‌کان بخرێنه نێو قۆناغه جیاجیاکانی به‌رنامه‌ی خوێندنه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ک له پۆلێکی دیاریکراوی قۆنا‌غی سه‌ره‌تاییه‌وه ده‌ستپێبکات تا ده‌گاته قۆناغه‌کانی زانکۆ و خوێندنی باڵا.
له‌ده‌مێکدا وا چاره‌که سه‌ده‌یه‌ک به‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفالیشدا ڕه‌ت ده‌بێت که هیچی که‌متر نییه له ژینۆسایدی ئه‌رمینیاییه‌کان و جوله‌که‌کانیش، به‌ڵام هه‌تا ئێستا نه‌توانراوه به چاره‌کی هه‌وڵه‌کانی جوله‌که‌کان که داویانه بۆ ناساندنی هۆلۆکۆست و به زیندوویی هێشتنه‌وه‌ی له ویژدانی مرۆڤایه‌تیدا، کارێکی وه‌ها بکرێت به‌رده‌وام ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و کاره‌ساته‌کانی تریش له هزری مرۆڤی کورددا بمێنێته‌وه به شێوه‌یه‌ک که مێژویه‌کی پڕ له سه‌ره‌وه‌ری بێت بۆی نه‌ک مێژوویه‌ک که هه‌ناسه‌ی سارد و حه‌سره‌ت له‌گه‌ڵ خۆیدا بێنێت.
بیرۆکه‌ی تریش هه‌ن ئه‌گه‌ر هه‌نگاویان بۆ بنرێن، له‌وانه کارکردن له‌سه‌ر باشکردنی ژیان و گوزه‌رانی که‌س و کاری قوربانیانی کاره‌ساته‌کانه. ئه‌گه‌ر دۆسێی کاره‌ساته‌کان تا ئێستا ته‌نها وه‌ک ڕووکار و وه‌ک شتێکی لاوه‌کی لێی ڕوانراوه، با بۆ له‌مه‌ودوا بتوانرێت به‌رنامه‌ڕێژیه‌کی بابه‌تیانه بکرێت بۆ کارکردنه سه‌ر گوتاره‌کان له‌سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و ناردنی که‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا بۆ قسه‌کردن له نێوه‌نده هزریه‌کانی جیهاندا و به تایبه‌تیش جیهانی ئیسلامی و جیهانی عه‌ره‌بی، بۆ ناساندنی ئه‌و تاوانانه‌ی به ناوی عروبه و به ناوی ئیسلامه‌وه به‌رامبه‌ر گه‌لی کورد کراون، مه‌خابن له‌م ڕووه‌یانه‌وه که‌مته‌رخه‌می هه‌یه، هێنده‌ی ئه‌و که‌مته‌رخه‌میه‌ی که تا ئێستا نه‌توانراوه نێوه‌ندێکی متمانه پێکراوی زانستی و تایبه‌تمه‌ند به پرسی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و کاره‌ساته‌کان پێکبهێنرێت، تا بتوانرێت پشت به زانیاریه‌کانی و لێکۆڵینه‌وه‌کانی ببه‌سترێت بۆ لێکدانه‌وه و ڕاڤه‌کردن و تێگه‌یشتن له کاره‌ساته‌کان.